بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری چاودێری مافەکانی مرۆڤ، لە کاردانەوە بە هێرشەکانی سەر کاروانی پەنابەرانی کورد لە سەرێکانی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە ناتوانرێت بە گۆشەگیر و کردەی تاکەکەسی هەژمار بکرێن، بەڵکوو پێویستە بە بەشێک لە ڕەفتارێکی ڕێکخراو هەژمار بکرێن بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و پەکخستنی پرۆسەی دامەزراندنی ئاشتی مەدەنی لە سووریا.
بە وتەی عەبدولڕەحمان، هێرشەکان بۆ سەر کاروانی ئاوارەکانی گەڕانەوە لە ناوچە کوردنشینەکان لە دۆخێکدا ڕوودەدەن کە گەڕانەوەی دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکان بۆ گوند و شارەکانیان یەکێکە لە پرسە گرنگەکان لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتە ناوخۆییەکان.
هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامی ئەم جۆرە هێرشانە دەتوانێت کەشی بێمتمانەیی و نائەمنی گەورەتر بکات و پڕۆسەی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی مەدەنی قورس بکات.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، گرووپ و بزووتنەوەیەکی خاوەن مەیلی ئایدیۆلۆژی لەم هێرشانەدا تێوەگلاون و گرتەی ڤیدیۆیی و فایلی دەنگی کردەوەکانیان بەرهەمهێنن و بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی ترس لەنێو ئاوارەکاندا دروست بکەن.
بە بۆچوونی ئەو ئامانج لەم کارانە تەنیا دروستکردنی نائەمنییەکی کاتی نییە، بەڵکوو ناردنی پەیامێکی هەڕەشەئامێزە بۆ ئەو ئاوارانەی کە بەنیازن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان؛ پەیامێک کە دەتوانێت بێهیوایان بکات لە گەڕانەوە.
ڕامی عەبدولڕەحمان هەروەها نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی مەودای ئەم هێرشانە دەربڕی.
ئاماژەی بەوەشکرد، توندوتیژییەکان لە هێرشکردنە سەر کاروانەکانی هەڵگری ئاوارەکان تێپەڕیوە و تەنانەت کاروانێکی هەڵگری بەرپرسانیش کراوەتە ئامانج.
لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەم پێشهاتە ئەوە دەردەخات کە ئیتر مەسەلەکە تەنها ناکۆکی یان ململانێیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو بووەتە تەحەدای ڕاستەوخۆ بۆ دەسەڵاتی حکومەت و توانای دابینکردنی ئاسایش.
لەو چوارچێوەیەدا داوای لە حکومەتی سووریا کرد بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکات و کۆتایی بەو شتە بهێنێت کە بە “ئاژاوە” وەسفی دەکات.
عەبدولڕەحمان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن و حکومەت وەڵامی کاریگەرانە نەداتەوە، ئەوا ئەو گروپانەی دژایەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن دەتوانن ئەو نائەمنییە بەکاربهێنن بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی ئێستا و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی دانیشتوانی ئاوارە.
سەرێکانی، کە لە سەرچاوە عەرەبی و کوردییەکانەوە بە ڕاس ئەلعەین ناسراوە، پاش ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە باکووری سووریا لە ساڵی ٢٠١٩دا، شایەتی ئاوارەبوونی زۆری دانیشتوان و ڕۆیشتنی بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانە کوردەکەی بووە، لەو کاتەوە، پرسی گەڕانەوەی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە و دەستەبەرکردنی ئاسایشیان یەکێک بووە لە پرسە هەستیارەکانی ململانێکان لە هیچ باکور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
لێدوانە نوێیەکانی عەبدولڕەحمان لە ڕاستیدا پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سێریکانی لە پرسێکی تەنیا مرۆیی بە پرسێکی ئەمنی و سیاسییەوە دەبەستنەوە. لەم ڕوانگەیەوە هێرشکردنە سەر کاروانەکانی گەڕانەوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەوڵەکانی دیمەشق هەبێت بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵی حکومەت و کەمکردنەوەی گرژییە نەتەوەییەکان و دروستکردنی میکانیزمی نوێ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
لەو چوارچێوەیەشدا جەختکردنەوەی بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر "سروشتی ڕێکخراو"ی هێرشەکان بە تایبەتی گرنگە، چونکە ئەگەر بەڕاستی هێرشەکان بەشێوەیەکی هەماهەنگ ئەنجامدرابن و بە ئامانجی دروستکردنی ترس لە نێو ئاوارەکاندا، ڕووبەڕووبوونەوەیان پێویستی بەوەیە حکومەت لە وەڵامدانەوەی تایبەت تێپەڕێت و ڕێکخەران و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە دەستنیشان بکات و مامەڵە لەگەڵ ڕێکخەران و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەدا بکات .
درێژەدانى وەها دۆخێک دەتوانێت گەڕانەوەى خۆبەخشانەى ئاوارەکان قورستر بکات و وەک یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانى بەردەم ئاساییبوونەوەى دۆخى ناوچە کوردنشینەکانى باکوورى سووریا بمێنێتەوە.
هاوکات مەزڵۆم عەبدی سەرکردەی هێزەکانی هەسەدە ئەم هێرشانەی ئیدانە کرد.
وەزارەتی ناوخۆی سووریاش ژمارەیەک هێرشبەری دەستبەسەر کرد و قەدەغەی هاتوچۆ لە کۆبانی و سەرێکانی ڕاگەیێندراوە.
لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی سووریا کاردانەوەی توندیان بە هێرشی عەرەبەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر ئاوارە عەرەبەکان نیشان دا.
Your Comment